بورهان محه‌مه‌د ئه‌مین خاوه‌نی " ته‌فسیری ئاسان بۆ قورئان"
كاكه ئه‌حمه‌د: "سوێند به خوا ئه‌گه‌ر دانه دانه بمانكوژن، به ره‌واى نازانم ده‌ست بده‌ینه چه‌ك،
با شه‌هید بكرێین‌و سینگمان خوێناوى بێت باشتره له‌وه‌ى ده‌ستمان خوێناوى بێت به خوێنى
خه‌ڵكانێك كه نامانناسن‌و نازانن ئێمه چه‌نده دڵسۆزى ئه‌وان‌و گه‌لى كوردستانین، جیهادى
ئه‌مڕۆى ئێمه "جیهاد"ى خۆگرى‌و ئارامگرتنه."
سه‌ره‌تاى ژیانى
كاكه ئه‌حمه‌د له‌نێو خێزانێكى دینــدار و خــوانـاسـدا له ساڵى 1936ى زاینی‌دا له شاری سنه هاتۆته دنیاوه، له ته‌مه‌نى منداڵی‌دا لاى باوكى فێرى خوێنده‌وارى بووه‌و تێكه‌ڵى فه‌قێكانى حوجره‌ى كردووه په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ مزگه‌وتى «دار الاحسان»ى سنه‌دا گه‌رم‌و گوڕ بووه، به‌تایبه‌تى چونكه باوكى زانایه‌كى به‌ناوبانگ بووه‌و به‌رده‌وام له په‌نجا فه‌قێ كه‌مترى نه‌بووه.
هه‌ر له ته‌مه‌نى هه‌رزه‌كاریدا كه‌سایه‌تییه‌كى هه‌ستیار بووه‌و زۆر به‌زه‌یى به چینى هه‌ژاران‌و چه‌وساواندا هاتۆته‌وه، به‌تایبه‌تى له ماڵیان چاپه‌زو ئاشپه‌زو خزمه‌تگوزار هه‌بووه، باوكى له زانا ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان بووه.
خۆى بۆى گێڕامه‌وه: كاتێ كه یه‌كێك له‌و خه‌ڵكه مه‌حرومه شتێكى ده‌شكاند، من پێم ده‌وت: هه‌ركه‌سێك سه‌رو دڵى گرتى بڵێ ئه‌حمه‌د شكاندوویه‌تى.. ئیتر به‌و ره‌فتاره سه‌رسام بوون‌و زۆر خۆشیان ده‌ویستم.. هه‌روه‌ها به سروشت سوپاس بۆ خوا هه‌رچى فیزو خۆ به‌گه‌وره‌زانینه له دڵ‌و ده‌روونمدا جێى نه‌ده‌بۆوه.. له‌به‌ر ئه‌وه به گشتى خۆشه‌ویست بووم لاى هه‌موو ئه‌وانه‌ى كه به‌رخوردم له ته‌كیاندا هه‌بوو.
خۆى بۆى گێڕامه‌وه
جارێكیان ئه‌فسه‌رێكى پایه‌به‌رز كرابوو به فه‌رمانده‌ى بنكه‌ى سه‌ربازى سنه، رۆژێكیان باوكم په‌یوه‌ندى پێوه‌كردو بۆ نێوڕۆخوانێك داوه‌تى كرد.
سه‌ره‌نجام حاڵه‌تى نائاسایى له ماڵه‌وه به‌ڕێ ده‌چێت، جۆره‌ها خۆراك ئاماده ده‌كرێت اسراف‌و تبذیر كه خۆشیم لێى نه‌ده‌هات به ئاشكرا دیاربوو، به‌تایبه‌ت كه بیر ده‌كه‌مه‌وه له‌و خه‌ڵكه مه‌حروم‌و بێ به‌شه‌ى كه به‌زه‌حمه‌ت به نانه‌سكى ده‌ژین.
سه‌رنجم دا سفره‌كه زۆر به‌دیققه‌ت رێك ده‌خه‌ن، پێنج جۆر گۆشت به جۆره‌ها شێوه ئاماده كرابوو، پێنج جۆر برنج لێنرابوو، جگه له جۆره‌ها شله‌و جۆره‌ها زه‌ڵاته‌و سه‌وزه‌و..شتى تر. هه‌ر بۆیه له ناخى خۆمدا بڕیارمدا: شه‌رتبێ ده‌مى لێ نه‌ده‌م.
سه‌یر له‌وه‌دابوو كاتێ ئه‌فسه‌ره‌كه‌و هاوه‌ڵانى هاتن سه‌رسام بوون‌و دیاربوو سفره‌ى وایان نه‌دیبوو، بۆیه كه‌س ده‌مى لێ نه‌دا، تا وێنه‌گرێك دێت‌و وێنه‌یه‌ك له سفره‌و خوانه‌كه ده‌گرێت.
ئیتر له‌ناخمدا ده‌كوڵام‌و بڕیارمدا هه‌ر كه سنه به‌جێبێڵم‌و به‌شوێن زانستى شه‌رعیدا بگه‌ڕێم..!!
له كوردستانى باشووردا
له سه‌ره‌تاى په‌نجاكاندا كاكه ئه‌حمه‌د سنوورى به‌زاندو له كوردستانى خۆرهه‌ڵاته‌وه رووى كرده كوردستانى باشوور‌و لێره به خزمه‌ت هه‌ندێ له زانایانى ته‌وێڵه‌و بیاره‌و هه‌ڵه‌بجه شاد بوو، كه به‌ناوبانگترینیان «مامۆستا مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمى موده‌ڕیس» بوو، هه‌روه‌ها سه‌ردانى ژماره‌یه‌ك له دێهاته‌كانى ئه‌و ناوچه‌یه‌ى كردووه به مه‌به‌ستى خوێندن یان سه‌ردانى دۆستان‌و هاوه‌ڵانى.
له ره‌مه‌زانه‌كانیشدا ده‌بووه مه‌لاى ره‌مه‌زان‌و هه‌ر ساڵه‌ى له ئاواییه‌كى شاره‌زوردا ره‌مه‌زانى به‌سه‌ر ده‌بردو جه‌ژنى بۆ خه‌ڵكه‌كه ساز ده‌دا.
ساڵێكیان رێى ده‌كه‌وێته یه‌كێك له‌و دێهاتانه‌و له وتارى جه‌ژندا كورته بابه‌تێكى قیامه‌ت پێشكه‌ش ده‌كات‌و هانى خه‌ڵكه‌كه ده‌دات بۆ ده‌ستپاكى‌و دوره‌په‌رێزى له حه‌رامخۆرى. نمونه‌یه‌ك ده‌هینێته‌وه‌و ده‌ڵێت:
ئه‌ى موسڵمانینه.. كه‌س له قیامه‌تدا له‌به‌رده‌م دادگاى پڕِ له دادى خواییدا ناتوانێت نكوڵى له هیچ كام له كرده‌وه‌كانى بكات، چونكه ده‌ست‌و چاوو قاچ‌و پێست... هه‌موو دێنه زمان، شته دزراوه‌كان دێنه مه‌یدان‌و شایه‌تى له‌سه‌ر دزه‌كه ده‌ده‌ن.. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر كه‌سێك بزنێكى دزى بێت بزنه‌كه دێته مه‌یدان‌و شایه‌تى له دزه‌كه ده‌دات!!
جا فه‌رمووى: هه‌ركه ئه‌مه‌م وت، كابرایه‌ك وتاره‌كه‌ى پێ‌بڕیم‌و وتى: مامۆستا.. مامۆستا.. به‌ڕاست خوای ته‌عالا بزنه‌كه زیندوو ده‌كاته‌وه‌و ئاوا ده‌یهێنێته مه‌یدان..؟! وتم: به‌ڵێ: دڵنیابه، كابرا وتى: سا به‌خوا شتێكى باشه، منیش ڕیشى ده‌گرم‌و ده‌یده‌مه‌وه ده‌ست خاوه‌نى!!
ئیتر خه‌ڵكه‌كه هه‌موو دایانه قاقاى پێكه‌نین، جا كه پێكه‌نینه‌كه‌یان نیشته‌وه تێم گه‌یاندن، قیامه‌ت شوێنى لێپرسینه‌وه‌یه هیچ كرده‌وه‌یه‌ك له خواى گه‌وره په‌نهان نیه، چى بچێنیت ئه‌وه ده‌دوریته‌وه.
كه‌وا و سه‌ڵته‌كه‌ى
دواى دوو سێ ساڵ هه‌واڵ ده‌چێته‌وه بۆ ماڵى باوكى كاكه ئه‌حمه‌د ده‌رباره‌ى كه‌واو سه‌ڵته‌ى شڕو پێناویه‌كه‌ى ئه‌وانیش سه‌ریان سوڕ ده‌مێنێ، چونكه به‌رده‌وام پاره‌و پووڵى بۆ ده‌نێرن كه خزمه‌تى خۆى پێ بكات، به‌ڵام كاكه ئه‌حمه‌د كه‌سایه‌تییه‌كى به‌خشنده‌و هاوه‌ڵدۆست بوو، ئاسووده نه‌ده‌بوو پۆشاكى تازه‌ى له‌به‌ردابێت‌و هاوه‌ڵه‌كانى گیرفانیان به‌تاڵ بێ، بۆیه ده‌یبه‌خشییه‌وه به‌سه‌ریاندا.
تا سه‌ره‌نجام باوكى یه‌كێك له خزمانى به‌تایبه‌تى نارد به هه‌ندێ پاره‌وه تا له سلێمانى كه‌واو سه‌ڵته‌ى تازه‌ى بۆ بكڕێت.. خۆى ده‌ڵێت:
ئیتر خزمه‌كه له‌كۆڵم نه‌بۆوه ده‌ستى به‌رنه‌دام تا كردمى به شارى سلێمانیدا‌و كه‌وا و سه‌ڵته‌ى تازه‌ى بۆ كڕیم.
گه‌ڕانه‌وه بۆ شارى سنه
كاكه ئه‌حمه‌د ده‌ڵێت: دواى چه‌ند ساڵێك هه‌ستم كرد شتێك له زانسته شه‌رعییه‌كان شاره‌زابووم بڕِیارمدا بگه‌ڕێمه‌وه بۆ شارى سنه، كه گه‌یشتمه ئه‌وێ دایك‌و باوك و خزمان پێشوازییه‌كى گه‌رمیان لێ كردم..
دواى چه‌ند رۆژێ له خزمه‌ت باوكمدا چووین بۆ مزگه‌وتى «دار الاحسان» نزیكه‌ى په‌نجا فه‌قێیه‌ك ئاماده‌بوون كه باوكم رۆژانه ده‌رسى پێ ده‌وتن، دیاربوو ده‌یویست تاقیم بكاته‌وه بۆیه وتى: ئه‌مه ئه‌حمه‌دى كوڕِمه‌و چه‌ند ساڵێكه له كوردستانى عێراقه، له‌وه ده‌چێت به زانستێكى فره‌وه گه‌ڕِابێته‌وه،حه‌ز ده‌كه‌م له‌مه‌ولا له‌باتى من ئه‌و وانه‌تان پێ بڵێت، پێم باشه هه‌ر ئێستا ناوى خواى لێ بێنێ‌و رووى تێ كردم‌و وتى: فه‌رموو ئه‌حمه‌د بزانم..
كاكه ئه‌حمه‌د فه‌رمووى: منیش ناوى خوام لێ هێناو زۆر به جوانى‌و ڕێكوپێكى وانه‌كانم وته‌وه، هه‌ستم ده‌كرد كه هه‌ر هه‌موو ته‌وفیقاتى ئیلاهى بوو، چونكه من خۆم ئاماده نه‌كردبوو بابه‌ته‌كه‌ش قورس بوو، ژماره‌ى فه‌قێكانیش زۆر بوون‌و هه‌موو له ئاستێكى به‌رزدا بوون.
جا وه‌كو شێوازێكى نوێ وتم: جا ئێسته كێ شتێك تێنه‌گه‌یشتووه، یان پرسیارێكى هه‌یه، با بفه‌رموێ!!
به‌و شێوه‌یه وانه‌كه تا نزیكى نیوه‌ڕۆى خایاند دوور له بێزارى‌و ماندوو بوون‌و بێ‌تاقه‌تى.
پاشان سه‌رنجى باوكم دا ره‌نگى گه‌شابۆوه هه‌ر سوپاسى خواى ده‌كرد، دوایى وتى پێم: ئه‌حمه‌د گیان له راستیدا من ویستم تاقیت بكه‌مه‌وه‌و بڕوام وا نه‌بوو ئه‌وه‌نده زانستى شه‌رعیت به‌ده‌ست هێنابێت، ئیتر له‌مه‌ودوا له‌م كاره پیرۆزه‌دا ده‌بێ به‌رده‌وام بیت.
ئه‌ندامێتى حیزبى دیمۆكراتی کوردستان
كاكه ئه‌حمه‌د جگه له‌وه‌ى كه‌سایه‌تییه‌كى زاناى لێ ده‌رچوو، هه‌ست‌و سۆزێكى نه‌ته‌وایه‌تیشى بۆ دروست بوو، چونكه گه‌لى كوردى ده‌بینى چه‌وساوه‌و به‌ش‌مه‌ینه‌ته، خوێندن‌و نووسینى به زمانى خۆى لێ قه‌ده‌غه كراوه، هه‌ر بۆیه په‌یوه‌ندى كرد به پارتى دیموكراته‌وه‌و بوویه ئه‌ندامێكى چالاك له نێو ریزه‌كانیداو وه‌كو نوسه‌رێك به‌شدارى ده‌كرد له بڵاوكراوه‌كانیدا.
هه‌ر بۆیه دواى ماوه‌یه‌ك زانراو ده‌ستگیركراو له گرتووخانه‌یه‌ك له تاران به‌ندكرا.
له گرتوخانه‌دا
له‌نێو به‌ندیخانه‌دا كاكه ئه‌حمه‌د ره‌وشت به‌رزى‌و دیندارى پێوه دیاربوو، ئه‌وانه‌ى ئاشت ده‌كرده‌وه كه ده‌بووه كێشه‌یان، به‌رخودانى هه‌بوو زۆرجار به‌شه خۆراكه‌كه‌ى خۆى ده‌به‌خشى به كه‌سێك كه به‌شى كه‌م بوو یان تێرى نه‌ده‌خوارد، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ هه‌ندێ كه‌سایه‌تى ئاشنایه‌تى په‌یدا كرد، وه‌كو «حجةالاسلام باهنر» كه دواتر بوو به سه‌ره‌ك وه‌زیران.. پرسیم له كاكه ئه‌حمه‌د: ئه‌ى ئه‌م ڕێبازى ئێستات چۆن گرته‌به‌ر..
فه‌رمووى: له كاتى زیندانى كردن‌دا بووم شه‌وێك خه‌ونێكى سه‌یرم بینى: به خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ر درودو سڵاوى خواى له‌سه‌ر گه‌یشتم، ئه‌و ته‌شریفى دانیشتبوو، منیش وه‌كو منداڵێكى ته‌مه‌ن حه‌وت هه‌شت ساڵان ده‌ستم خستبووه سه‌ر شانى پیرۆزى، ئه‌ویش قورئانێكى به ده‌سته‌وه بوو، هه‌وڵى ده‌دا قورئانم به وردى فێر بكات.. چه‌ند ئایه‌ت و سوره‌تێكى پێ وتم، كتوپڕ خه‌به‌رم بووه‌وه، خه‌وم زڕا، هه‌ستم به گۆڕانێكى زۆر ده‌كرد له دڵ و ده‌رونمدا، ئه‌سرین له چاوانم بارى، له دڵى خۆمدا ده‌موت: ئه‌مه به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه من شاره‌زاییم له قورئان كاڵ و كرچ و كه‌مه، ده‌بێ له‌مه‌ودوا به وردى سه‌رنجى بده‌م و بیكه‌مه په‌یامى رزگارى بۆ گه‌له‌كه‌م.
ئه‌و شه‌وه‌م به شه‌ونوێژ به‌سه‌ربرد و دیمه‌نى پێغه‌مبه‌ر درودو سڵاوى خواى له‌سه‌ر هه‌ر له‌به‌ر چاوان بوو، كاتێ قورئانم ده‌خوێند له نوێژه‌كاندا ده‌توت تازه ده‌یخوێنم‌و نه‌مخوێندووه‌ته‌وه‌و نه‌مبیستووه، دوایى كه رۆژ بۆوه هه‌وڵمدا قورئانێكم په‌یدا كرد‌و ده‌ستم كرده ده‌وركردنه‌وه‌و تێفكرین‌و رامان له ئایه‌ته‌كان، ده‌مخوێنده‌وه، بیرم ده‌كرده‌وه له فه‌رمانه‌كان تا چ ئاستێك من‌و ئه‌و خه‌ڵكه پابه‌ندین پێوه‌ى!!
هه‌ستم كرد له شوێنى ئایه‌ته‌كاندا كه مرۆڤایه‌تى به درێژایى مێژوو گیرۆده‌ى ده‌ستى سته‌مكارو ملهوڕه‌كانه.
مرۆڤایه‌تى دوو ده‌سته‌ى سه‌ره‌كیه له‌لایه‌كه‌وه..
هه‌یانه ئیماندار‌و ده‌ست‌و دڵپاك‌و خواناسه. هه‌شیانه بێ ئیمان‌و دڕنده‌و خوێنڕێژ‌و ناپاك، له‌لایه‌كى‌تریشه‌وه ده‌سته‌یه‌كیان مستكبرو زاڵم‌و سته‌مكار، ده‌سته‌یه‌كیش «مستضعف»و چه‌وساوه‌و لاواز‌و گه‌له‌كه‌ى منیش له‌م ده‌سته دوانییه ده‌هاته به‌رچاو بۆیه بڕیارمدا هه‌ر كه ئازاد كرام هه‌وڵ بده‌م به‌م قورئانه گه‌له‌كه‌م رزگار بكه‌م.. ئه‌وسا ئیتر شێوازى گفتوگۆم گۆڕى، سه‌ره‌تا ژماره‌یه‌كى كه‌مم له خزمان‌و دۆستان كۆكرده‌وه به ده‌ورى خۆمدا ده‌ستمان كرد به خوێندنى قورئان‌و لێكدانه‌وه‌ى واتاكانى.. دواى یه‌ك دوو ساڵ كه زۆر بووین بینایه‌كمان به‌كرێ گرت‌و ناومان نا «مه‌دره‌سه قورئانى سنه» هه‌فته‌ى جارێك بۆ برایان‌و جارێكیشیان بۆ خوشكان، دواى نوێژى عه‌سر تێیدا كۆده‌بووینه‌وه، سه‌ره‌تا ده‌ستم كرد به وتنه‌وه‌ى «پێشه‌كی ته‌فسیرى فی ظلال القرآ‌ن»ى سه‌ید قوتب له چه‌ند وانه‌یه‌كدا، له‌وه‌ودوا هه‌ر له روانگه‌ى قورئانه‌وه، باسى كێشه كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسى‌و ئابوورییه‌كان هاتنه نێو ده‌رسه‌كانه‌وه..
له‌لایه‌ن ده‌زگاى ساواكه‌وه پێمان زانرا، چه‌ند جار بانگیان كردم.. جارجار به ته‌ماعى ماددى هه‌وڵیان له‌گه‌ڵدا ده‌دام كه یان وازبێنم، یان هاوكاریان بكه‌م!! پاشان كه سوودى نه‌بوو كه‌وتنه هه‌ڕه‌شه‌و گوڕه‌شه... له‌و رۆژگاره‌دا هاوسه‌ره‌كه‌م توشى نه‌خۆشى شێرپه‌نجه بووبوو، وتیان ده‌یبه‌ین بۆ ئیسرائیل بۆ چاره‌سه‌رى به‌مه‌رجێ تۆ یان وازبێنى یان هاوكاریمان بكه‌یت..
به‌ڵام من هه‌میشه پێم ده‌وتن من وانه‌ى قورئان ده‌ڵێمه‌وه ئێوه‌ش وه‌رن قورئان فێربن!
دواى ماوه‌یه‌ك زانیم كه بزوتنه‌وه‌یه‌كى رزگارى خوازى له‌نێو شیعه مه‌زهه‌به‌كاندا هه‌یه بۆ به‌رپاكردنى حكومه‌تێكى ئیسلامى له‌ئێراندا كه به رابه‌رى ئایه‌توڵڵاى خومه‌ینى‌یه، بۆیه منیش په‌یوه‌ندیم پێوه كرد‌و نامه‌م بۆ نارد‌و پشتیوانى گه‌لى كوردى موسڵمانم بۆ باس كرد له‌گه‌ڵ بارودۆخى ئێستادا.
سه‌ره‌نجام چه‌ند قوتابخانه‌یه‌كى ترمان له مه‌ریوان‌و چه‌ند شارێكی‌تر كرده‌وه‌و چه‌ندین مامۆستا‌و قوتابى‌و رۆشنبیر به‌ده‌وریدا كۆبوونه‌وه.
سه‌ره‌تاى شۆڕش
له كۆتایى ساڵى 1978 دا سه‌ره‌تاى شۆڕش ده‌ستى پێكرد، له تاران‌و ته‌برێزو ئه‌سفه‌هان، خه‌ڵكێكى زۆر بوونه قوربانى، له كوردستانیش هه‌ندێ جموجوڵ ده‌ستى پێ كرد‌و شریتێكى زۆر كه دژى رژێمى شا بوو بڵاوكرایه‌وه..
سه‌ره‌نجام شۆڕش سه‌رى گرت‌و ئایه‌توڵڵا خومه‌ینى گه‌ڕایه‌وه بۆ تاران، له گۆرستانى به‌هه‌شتى زه‌هرا وتارێكیدا، یه‌كسه‌ر دوا به‌دواى ئه‌و كاكه ئه‌حمه‌دى موفتى‌زاده، وتارێكى پێشكه‌ش كرد، به‌ڵام به‌هه‌ر هۆیه‌ك بوو په‌رده‌یه‌كیان هێنا به‌روویداو هه‌ر ده‌نگه‌كه‌ى ده‌بیسرا.
له كوردستاندا
دواى چه‌ند مانگێك له‌سه‌رانسه‌رى ئێران‌دا ریفراندۆمێك ئه‌نجامدرا بۆ به‌ده‌ست هێنانى راى جه‌ماوه‌ر بۆ كۆمارى ئیسلامى، له كوردستانیشدا رایه‌كى زۆرى بۆ كۆكرایه‌وه..
شایانى باسه له‌و رۆژگاره‌دا حكومه‌ت متمانه‌ى به لایه‌نگرانى كاكه ئه‌حمه‌د هه‌بوو، بۆیه پۆستى فه‌رماندارى (قائیقام)و پۆستى شهردارى‌و په‌روه‌رده‌و فێركردن (آموزش و پرورش)ى به‌وان سپاردو دواتریش پارێزگارى (استاندار)ى كوردستان یه‌كێك له‌لایه‌نگرانى مه‌دره‌سه‌كه‌ى كاكه ئه‌حمه‌د بوو له هه‌مانكاتدا گروپه ماركسییه‌كان ره‌شبین بوون‌و چاویان به ئیسلامدا به‌گشتى هه‌ڵنه‌ده‌هات، هه‌ر بۆیه له هاوینى 1979ز په‌لامارى بنكه‌یه‌كیان دان‌و 13 كه‌سى تێدابوو 11ى شه‌هید كرا‌و یه‌كێك كه به سه‌ختى برینداربوو پاشان رزگارى بوو له‌گه‌ڵ یه‌كێكى تریاندا.
له هه‌ندێ له شاره‌كانى‌تریش یاخى بوون له ده‌وڵه‌ت به‌رپابوو ئایه‌توڵڵا خومه‌ینى په‌یامێكى ده‌ركردو داواى له سوپا‌و سوپاى پاسداران‌و جه‌ماوه‌ر كرد هه‌ڵمه‌ت به‌رن بۆ رزگاركردنى كوردستان له چنگى له‌خوا بێخه‌به‌ران؛ ئیتر ئه‌وه‌بوو له ماوه‌یه‌كى كه‌مدا هه‌موو چه‌كداره‌كان به ناچارى په‌نایان برد بۆ حكومه‌تى به‌عس كه دوژمنى سه‌رسه‌ختى گه‌لى كوردى عێراق بوو..
به‌ڵام دواى چه‌ند مانگێك كه‌وته گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌و نه‌یارانه‌داو سه‌ره‌نجام ڕێكه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه به‌شێك له كوردستانیان پێ بسپێرن.
ئه‌وانیش دژ به ئیسلام بوون به‌گشتى‌و شوێنكه‌وتووانى كاكه ئه‌حمه‌د به‌تایبه‌تى، هه‌ر بۆیه لایه‌نگرانى كاكه ئه‌حمه‌د ئه‌وه‌یان كه ناسراو بوون ناچارى كۆچ كردن بوون بۆ كرماشان‌و هه‌ندێ شوێنی‌تر.
یه‌كه‌م دیدارم له‌گه‌ڵ كاكه ئه‌حمه‌ددا
نووسه‌رى ئه‌م بیره‌وه‌رییانه له 16/9/1979 داواى زه‌حمه‌تێكى زۆر گه‌یشته مه‌ریوان‌و له‌وێ ده‌رفه‌تم بۆ ره‌خسا كه هه‌ندێ چالاكى ئه‌نجام بده‌م له «مه‌دره‌سه‌ى قورئان»ى مه‌ریوان‌و رادیۆدا، به‌ڵام دواى مانگێك كه ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ى باسمان كرد روویدا، بۆ ئه‌وه‌ى جارێكى تر خوێنڕێژى روو نه‌دات، بڕیار درا روو بكه‌نه كرماشان.
جا له‌وێ له‌گه‌ڵ چه‌ند برایه‌كدا چووین بۆ سه‌ردانى كاكه ئه‌حمه‌د.
شایانى باسه به‌نده نامه‌یه‌كى «مامۆستا سه‌ڵاحه‌دینم»پێ بوو كه تێیدا هه‌ندێ پێشنیارى نووسیبوو بۆ كاكه ئه‌حمه‌د له‌گه‌ڵ پێناسینى به‌نده‌دا، سه‌ره‌تا زۆر به گه‌رمى به‌خێرهاتنى هه‌موومانى كرد.. پاشان كه نامه‌كه‌ى خوێنده‌وه زیاتر به‌خێرهاتنى كردم‌و فه‌رمووى له ئه‌یامێكى پر له تقلبات‌و سه‌یردا هاتوون ان شاءالله به‌خێرو سه‌ربه‌رزى هه‌موولایه‌ك ده‌گوزه‌رێ!
پاشان كه زانى برایان بڕیاریان داوه بچن بۆ تاران بۆ ده‌سته‌به‌ركردنى مافه‌كانى میلله‌ت‌و مانگرتن له شوراى ئیسلامى‌و دیدار له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نى سه‌ركردایه‌تى شۆڕشدا بیرێكى قووڵى كرده‌وه‌و فه‌رمووى: كارێكى چاك‌و به‌ره‌كه‌تداره ان‌شاءالله، به‌ڵام وریابن با كاره‌كانتان هه‌میشه به مه‌شوره‌ت‌و پرس‌و را بێت، رۆژنامه‌نووسان دێن بۆ سه‌ردانتان دوو كه‌سى قسه‌زان دیارى بكه‌ن بۆ گفتوگۆ‌و وه‌ڵامدانه‌وه..
ئیتر له‌وێ داخوازییه‌كان له نامه‌یه‌كدا ڕێكخراو بۆ پۆسته‌ریش خاڵه گرنگه‌كانى نووسراو له‌سه‌ر دیوارى هۆڵى پشودان له ئه‌نجومه‌ن هه‌ڵواسرا كه گرنگترینان:
• چاك كردنى ماده‌ى 12 بوو كه مه‌زهه‌ب‌گه‌رایى تێدا نه‌هێڵرێ.
• لابردنى سته‌مى میللى، مه‌زهه‌بى‌و ته‌به‌قاتى[چینایه‌تی].
• گرنگیدان به ئاوه‌دانى كوردستان له رووى به‌رپاكردنى كارخانه‌و ته‌ندروستى‌و خوێندنه‌وه.
• داننان به مافى حوكمڕانى[خودموختاری] بۆ كوردستان.
به‌ڵام دواى یه‌ك مانگ مانگرتن‌و رۆژانه گفتوگۆ له‌گه‌ڵ سه‌رانى حكومه‌تدا، هیچ وه‌ڵامێك نه‌دراینه‌وه، ناچار روومان كرده چه‌ند شارێك، به مه‌رجێك له یه‌كترى دانه‌بڕێین، ئێمه كه گروپێكى 15 كه‌سى بووین روومان كرده شارى ئه‌سفه‌هان‌و له‌وێ هه‌ندێ له برایان چه‌ند نامیلكه‌یه‌كیان ئاماده كرد به‌ناوى «یه‌كێتى لاوانى موسڵمانى كوردستان»، هه‌روه‌ها هه‌ندێ وانه‌ى رۆژانه‌و ئه‌نجام دانى نوێژه‌كان به كۆمه‌ڵ‌و وتار‌و نوێژ له رۆژانى هه‌ینیدا رێكخرا.
ئه‌وسا له جه‌ژنى ره‌مه‌زاندا به سه‌ردان گه‌ڕاینه‌وه بۆ كرماشان به‌تایبه‌ت چونكه زۆر تامه‌زۆرى دیدارى كاكه ئه‌حمه‌د بووین، كه گه‌یشتینه ئه‌وێ دیاربوو ئه‌ویش تامه‌زرۆى دیدارى ئێمه بوو، بۆیه پێشوازییه‌كى گه‌رمى لێكردین‌و هه‌ندێ بابه‌تى ئیمانى له روانگه‌ى قورئان‌و ژیاننامه‌ى پێغه‌مبه‌رى -درود و سڵاوى خواى له‌سه‌ر- له‌كاتى جیاجیادا بۆ باس كردین، خانوویه‌كى كۆنى جوله‌كه‌یه‌كیان گرتبوو به‌كرێ، هه‌ندێ شوێنى نهێنى سه‌یرى تێدا بوو كه دواى چه‌ند مانگێك پێى زانرا... له‌وێ له‌كاتى خۆیدا بانگ ده‌دراو نوێژه‌كان هه‌ندێ جار به ئیمامه‌تى كاكه ئه‌حمه‌دو هه‌ندێ جاریش به ئیمامه‌تى به‌نده ئه‌نجام ده‌درا.
شه‌وێكیان له خزمه‌تیدا چووین بۆ سه‌ردانى كۆمه‌ڵێك له لایه‌نگرانى له بنكه‌یه‌كدا.. زۆربه‌یان قوتابى دانشگاو مامۆستا بوون. دیاربوو وانه‌یه‌كى حه‌فتانه‌ى هه‌بوو، بابه‌تێكى به‌پێزى ئاماده كردبوو، له‌ژێر ناونیشانى «دین‌و ئینسان» له كۆتاییدا عه‌رزم كرد ئه‌گه‌ر مۆڵه‌ت بده‌ن حه‌ز ده‌كه‌م له‌نێو ئه‌م برایانه‌دا بمێنمه‌وه..ئه‌ویش بێ وه‌ستان‌و دوو دڵى فه‌رمووى: ئه‌مه فڵانه كه‌سه‌و له كوردستانى عێراقه‌وه هاتووه واى دانێن كه خۆمم‌و به‌رده‌وام له خزمه‌تتان دام، سودى لێ وه‌ربگرن‌و گوێ بیستى رێنموییه‌كانى بن.
له تاران
دواى چه‌ند مانگێك له‌نێو ئه‌و برایانه‌دا فرسه‌تم هێنا نامیلكه‌یه‌كم ئاماده كرد ده‌رباره‌ى ژیاننامه‌ى «پێشه‌واى شه‌هید حه‌سه‌ن ئه‌لبه‌ننا» و بردم بۆ تاران بۆ به‌چاپ گه‌یاندنى.
كاكه ئه‌حمه‌دیش له تاران بوو، چووین بۆ خزمه‌تى‌و كاتێكى پڕ به‌ره‌كه‌تمان پێكه‌وه برده سه‌ر، هه‌ندێ بابه‌تى ئاماده كردبوو ده‌رباره‌ى هه‌وڵ‌و كۆششه‌كانى بۆ چاكسازى له كۆمارى ئیسلامی‌دا بۆ ته‌رجومه كردن بۆ عه‌ره‌بى‌و ناردمان بۆ چه‌ند گۆڤارێكى ئیسلامى ده‌ره‌وه..
هه‌روه‌ها نامیلكه‌كانى پێشه‌واى شه‌هیدم به دیارى بۆ برد جگه له چه‌ند وتارێكى رۆژانى هه‌ینى خوالێخۆشبوو «عه‌بدولحه‌مید كوشك».
به‌رپا كردنى كۆنفرانسێك بۆ ئه‌هلى سوننه
كاكه ئه‌حمه‌د هه‌میشه له بیرى ئه‌هلى سوننه‌دا بوو به گشتى‌و گه‌لى كوردى موسڵمان به‌تایبه‌تى، زۆر هه‌وڵى دا كه ڕێره‌وى ده‌وڵه‌ت مه‌زهه‌بى ته‌سك نه‌بێت‌و ئیسلامییه‌كى پڕ له داد‌و خه‌مخۆرى چه‌وساوان بێت، هه‌میشه دوپاتى ده‌كرده‌وه كه ئاینى ئیسلام له مه‌زهه‌ب گه‌وره‌تره.
كۆتا وتارى له «حوسه‌ینییه‌ى ئیڕشاد» كه مزگه‌وتێكى گه‌وره‌یه له‌ناو جه‌رگه‌ى تاران‌دا پێشكه‌ش كرد‌و له هه‌وڵه‌كانى بۆ چاكسازى دواو له كۆتاییدا نائومێدى خۆى راگه‌یاند.
له‌وه‌ودوا كاكه ئه‌حمه‌د په‌یوه‌ندى كرد به كه‌سایه‌تییه ناوداره‌كانى ئه‌هلى سوننه‌وه له كوردستان‌و سیستان‌و بلوچستان.
پاشان له تاران كۆبوونه‌وه‌یه‌كى چه‌ند رۆژه‌ى ئه‌نجامدا، سه‌ره‌تاكه‌ى خۆى له ماوه‌ى چوار كاتژمێردا له هه‌وڵه‌كانى خۆى دواو هه‌ڵوێستى حكومه‌تیشى باس كرد.
پاشان گه‌لێك بابه‌ت تاوتوێ كران‌و «شه‌هید ناسرى سوبحانى» په‌سه‌ند كرا به هاوكارى كاكه ئه‌حمه‌د له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێكى تردا.
شایانى باسه ئاگادارى وه‌زاره‌تى كشوه‌ر (ناوخۆ) كرابوو دوو نوێنه‌ریان وه‌كو چاو‌دێر ئاماده بوون..
له كۆتایی كۆنفرانسه‌كه‌دا به‌یاننامه‌یه‌كیان ئاراسته‌ى حكومه‌ت كرد‌و له‌توێیدا نیه‌ت پاكى‌و دڵسۆزى خۆیان دووپات كرده‌وه له‌گه‌ڵ جه‌خت كردنه‌وه له‌سه‌ر داواكارییه‌كانى ئه‌هلى سوننه به گشتى‌و لابردنى سته‌م له‌سه‌ر سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌كان به‌تایبه‌تى.
هه‌ڵوێستى كاكه ئه‌حمه‌د ده‌رباره‌ى «جیهاد»
له‌و رۆژگاره‌دا كه كۆمه‌ڵه ماركسییه‌كان ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بوو به‌سه‌ر هه‌ندێ شار‌و شارۆچكه‌ى كوردستاندا ده‌ستیان كرد به دژایه‌تى ئیسلام‌و ره‌وشته به‌رزه‌كان به گشتى‌و لایه‌نگرانى كاكه ئه‌حمه‌د به‌تایبه‌تى، هه‌ردوو خانه‌واده‌ى «شبلى» و «نمكى» كه هه‌ر یه‌كه‌یان ژماره‌یه‌كیان له ژێر ئازار‌و ئه‌شكه‌نجه‌دا لێ شه‌هیدكرا، جگه له شه‌هیدكردنى چه‌نده‌هاى تر به‌شێوه‌یه‌كى دڕندانه.
بێ گومان ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ى ماركسییه‌كان بوو به هۆى جۆش‌و خرۆشى ده‌روونى لاوانى لایه‌نگرانى كاكه ئه‌حمه‌د به‌تایبه‌تى چه‌كیش ئاسان به‌ده‌ست ده‌هات، تا ئه‌وانیش تۆڵه‌ى شه‌هیدان بكه‌نه‌وه و سنورێك دابنێن بۆ سه‌ركه‌شى ماركسییه‌كان.
دیار بوو كاكه ئه‌حمه‌د ئه‌و كاردانه‌وه‌یه‌ى به هیچ شێوه‌یه‌ك لا په‌سند نه‌بوو، هه‌تا كار گه‌یشته ئه‌وه‌ى كه هه‌ندێكیان هاتن بۆ لاى به‌نده‌و دواى باسكردنى بارودۆخه‌كه داوایان له به‌نده كرد كه په‌یامه‌كه‌یان بگه‌یه‌نم، چونكه ده‌یانزانى كاكه ئه‌حمه‌د ڕێزى تایبه‌تى هه‌یه بۆمان‌و ره‌نگه گوێ بیست ببێ.
شایانى باسه منیش رام هه‌روه‌ك راى كاكه ئه‌حمه‌د وابوو به‌ڵام له‌به‌ر دڵى براكان په‌یامه‌كه‌یانم گه‌یاند..
كاكه ئه‌حمه‌د به هه‌ندێ گرژییه‌وه فه‌رمووى: «سوێند به خوا ئه‌گه‌ر دانه دانه بمانكوژن، به ره‌واى نازانم ده‌ست بده‌ینه چه‌ك، با شه‌هید بكرێین‌و سینگمان خوێناوى بێت باشتره له‌وه‌ى ده‌ستمان خوێناوى بێت به خوێنى خه‌ڵكانێك كه نامانناسن‌و نازانن ئێمه چه‌نده دڵسۆزى ئه‌وان‌و گه‌لى كوردستانین، جیهادى ئه‌مڕۆى ئێمه جیهادى خۆگری‌و ئارامگرتنه.»
درێژه‌دان به خه‌باتى سیاسى
له هاوینى ساڵى 1982 كاكه ئه‌حمه‌دو ئه‌ندامانى شوراكه‌ى بڕیاریان دا كه درێژه بده‌ن به خه‌باتى سیاسى، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته كۆنگره‌یه‌كى فراوانیان به ئاشكرا له كرماشان سازدا‌و سه‌رله‌نوێ زانایان‌و كه‌سایه‌تییه خه‌مخۆره‌كانى كوردستان‌و ناوچه سوننى نشینه‌كانیان كۆكرده‌وه كه ژماره‌یان له 200 كه‌س زیاتر بوو. سه‌ره‌تا كاكه ئه‌حمه‌د له‌سه‌ر كۆڵنه‌دان‌و خه‌باتى سیاسى ره‌خنه‌ى ئاشكراى له سه‌رانى ده‌وڵه‌ت‌و هه‌ڵوێستیان گرت.
كۆنگره‌كه چه‌ند رۆژێكى خایاند‌و، ده‌وڵه‌ت به پیلانگێڕو گێره‌شێوێن ناوزه‌دى كردن‌و بڕیارى گرتنى زانا‌و كه‌سایه‌تییه ناوداره‌كانى دا.
كاكه ئه‌حمه‌دیش سه‌فه‌رى كرد بۆ تاران تا له نزیكه‌وه سه‌رانى حكومه‌ت تێبگه‌یه‌نێ كه ئێمه پیلانگێڕ نین‌و داواى مافى ره‌واى خۆمان ده‌كه‌ین، به‌ڵام دواى چه‌ند رۆژێك له گرتووخانه‌دا توندكرا!!
له به‌ندیخانه‌دا
كاكه ئه‌حمه‌د له به‌ندیخانه‌دا نمونه‌ى خۆگرى‌و ئارامگرى بوو، هه‌ركه هه‌لى بۆ بڕه‌خسایه ئامۆژگارى پاسه‌وانان‌و پاسدارانى ده‌كرد، هه‌رچه‌نده فه‌رمان وابوو كه له شوێنى ناشایسته‌دا به‌ند بكرێ.. ئیتر ئه‌وه‌بوو سه‌رماى زستان‌و گه‌رماى هاوین‌و بێ خزمه‌تى كارى تێ كرد‌و له كۆتا ساڵى ته‌مه‌نیدا به ته‌واوى ته‌ندروستى خراپ بوو.. كاكه ئه‌حمه‌د نزیكه‌ى 10 دانه ساڵ له زینداندا مایه‌وه، زۆر كه‌م ده‌یانهێشت سه‌ردانى بكرێت، سه‌ردانه‌كانیش له پشتى په‌نجه‌ره‌وه بوو هه‌روه‌ها ده‌بوایه به ته‌له‌فۆن‌و به فارسى قسه بكه‌ن‌و بۆ ماوه‌ى چه‌ند خوله‌كێك‌و چاودێریش به دیارییه‌وه ده‌وه‌ستا!.
شێعره‌كانى له زینداندا
له زینداندا دوور له براو هاوه‌ڵانى، دوور له خزم‌و خوێشانى فرسه‌تێكى فراوانى هه‌بوو بۆ بیركردنه‌وه‌و تێفكرین، هه‌ر بۆیه چه‌ند نامیلكه شیعرێكى نووسى له خۆشه‌ویستى خوا گه‌وره‌و پێغه‌مبه‌رى ئازیز‌و هاوه‌ڵانى، كه هه‌ندێكى دواى وه‌فاتى بوونه سروودى پڕ جۆش‌و خرۆش‌و تۆمار كران‌و په‌خش كرانه‌وه له كوردستانى رۆژهه‌ڵات‌و باشووردا.
هه‌روه‌ها شیعره‌كان له زه‌م كردنى سته‌مكاران‌و زۆردارانى تێدابوو جگه له به‌زه‌یى‌و سۆز بۆ هه‌ژاران‌و نه‌داران‌و چه‌وساوه‌كان.
شیاوى باسه شاكارى شیعره‌كانى: ئه‌و نامیلكه‌یه‌یه كه به‌ناوى «مه‌ولودنامه»وه هه‌ندێكى گه‌یشته ده‌ست لایه‌نگرانى‌و به‌داخه‌وه زۆر به‌شى فه‌وتا، كه به‌ڕاستى ژیاننامه‌یه‌كى پڕ سۆز‌و جۆش‌و خرۆش‌و به ده‌نگى یه‌كێك له شاگردانى تۆمار كراوه‌و ژماره‌یه‌كى زۆرى لێ كۆپى كراوه.
مۆڵه‌ت پێدانى
له ساڵانى كۆتایى ته‌مه‌نیدا كه ته‌ندروستى روو له خراپى بوو جارجارێك بۆ ماوه‌ى چه‌ند رۆژێك مۆڵه‌تیان پێ ده‌داو له ماڵى خزمانى له تاران‌دا بۆ ماوه‌یه‌ك ده‌حه‌وایه‌وه، جا هه‌ر كه براو دۆستان‌و شاگردان‌و لایه‌نگرانى پێیان ده‌زانى ده‌سته ده‌سته‌و پۆل پۆل ده‌چوون بۆ سه‌ردانى، ئه‌ویش به‌و حاڵه‌وه چه‌ند بیتوانیایه گفتوگۆى بۆ ده‌كردن، وه‌ڵامى پرسیاره‌كانى ده‌دانه‌وه، هانى ده‌دان بۆ ته‌قواو دیندارى، بۆ پابه‌ندبوون به نوێژ‌و رۆژووه فه‌رزه‌كان، هه‌روه‌ها ئه‌نجامدانى سوننه‌ته‌كان..
جا سه‌یر له‌وه‌دابوو ئا له‌و فرسه‌تانه‌دا كه‌سانێكى گۆشكراو به بیروباوه‌ڕى ماركسى له كوردستانى ئێران‌و عێراقه‌وه سه‌ردانیان ده‌كرد، ئه‌ویش به باس‌و خواسى پڕ له زانستى‌و زانیارى قه‌ناعه‌تى پێ كردن‌و پێى ده‌سه‌لماندن كه ئیسلام ئاینى رزگارى‌و سه‌رفرازى‌و پێكه‌وه ژیان‌و به‌خته‌وه‌رییه بۆ هه‌ردوو ژیان، بۆ دنیا پێش قیامه‌ت.
یه‌كێك له‌وانه بۆى گێڕامه‌وه كه من ته‌نها دوو سه‌عات به خزمه‌تى كاكه ئه‌حمه‌د گه‌یشتم، هه‌رچى بیروبۆچوونه به‌شێوه‌یه‌كى حه‌كیمانه هه‌ڵیوه‌شانده‌وه‌و ئاینى پیرۆزى ئیسلامى له‌جێ دانا.
نوسینه‌كانى كاكه ئه‌حمه‌د
كاكه ئه‌حمه‌د له سه‌ره‌تاى شۆڕشى ئیسلامى ئێران‌دا نامیلكه‌یه‌كى نووسى به‌ناوى «دایله‌كتێكى ئیسلامى» كه رۆڵێكى سه‌ره‌كى بینى له هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى بیروباوه‌ڕى ماددى «ماتریالیستى» و چه‌سپاندنى عه‌قیده‌ى ئیسلامى.
هه‌روه‌ها چه‌ند نامیلكه‌یه‌كى تریش به چاپ گه‌یه‌نرا به تایبه‌ت ئه‌و نامه‌و به‌یاننامانه‌ى كه ئاراسته‌ى سه‌رانى ده‌وڵه‌تى كردبوو ده‌رباره‌ى كێشه‌ى گه‌لى كورد و ناونرا «ده‌رباره‌ى كوردستان» كه ژماره‌یه‌كى زۆرى به چاپ گه‌یه‌نراو بڵاوكرایه‌وه له سه‌رانسه‌رى ئێرانداو له توێیدا خه‌مخۆرى كاكه ئه‌حمه‌د زۆر به‌دى ده‌كرێت ده‌رباره‌ى كێشه‌ى ره‌واى گه‌لى كوردستانى رۆژهه‌ڵات، جگه له‌وانه‌ش كاكه ئه‌حمه‌د نزیكه‌ى 400 ـ 500 كاسێتى تۆماركراوى ماوه جگه له ژماره‌یه‌كى زۆرى تر‌ى كه فه‌وتاون‌و له‌ناوچوون یان باش تۆمار نه‌كراون، هه‌موویشى به هه‌ردوو زمانى كوردى‌و فارسى، هه‌روه‌ها هه‌ندێ ئایه‌ت یان فه‌رمووده‌ى هه‌ڵده‌بژارد و ته‌رجه‌مه‌ى كوردى و فارسى له ژێریاندا نووسى و فه‌رمانى ده‌دا ببێته پۆسكارت‌و بڵاو بكرێته‌وه: بۆ نموونه ئایه‌تى: [تِلْكَ الدَّارُ الآخِرَة‌ُ نَجْعَلُهَا لِلَّذینَ لاَ یُریدُونَ عُلُوًّا فِی الارض وَلاَ فَسَادًا وَالْعَاقِبَة‌ُ لِلْمُتَّقِینَ] سوره‌تى القصص ئایه‌تى83.
هه‌روه‌ها فه‌رمووده‌ى «لایدخل الجنة من كان فی قلبه مثقال ذرة من كبر»
زوهدو دنیانه‌ویستى كاكه ئه‌حمه‌د
كاكه ئه‌حمه‌د تا له سنه‌دا بوو ماڵه‌كه‌ى كه به میراتى بۆى مابۆوه، باره‌گایه‌ك بوو بۆ كۆبوونه‌وه‌و وانه خوێندن‌و چاره‌سه‌ركردنى كێشه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، هه‌ندێ ماڵه خزمى هه‌ژارى له ده‌ورى خۆى كۆكردبۆوه.. پاشان كه كۆچى كرد بۆ كرماشان‌و هه‌مه‌دان ئه‌وى تریشى به‌خشى به یه‌ك دوو ماڵى تر..
براكان هه‌وڵیاندا قه‌مه‌ره‌یه‌كى په‌یكانى نوێى بۆ بێنن، به‌ڵام ئه‌و ده‌یفه‌رموو: ئه‌م په‌یكانه عه‌یبى چییه، ئه‌وه‌ته ده‌ڕوا به‌ڕێوه، ئه‌گه‌ر پوڵتان فره‌س بیده‌ن به هه‌ژاران!!
كاكه ئه‌حمه‌د له خواردن‌و خواردنه‌وه‌شدا زۆر ده‌ستى پێوه ده‌گرت‌و ده‌یوت: «ئێسته خه‌ڵكانێكى زۆر له‌م سه‌ر زه‌مینه‌دا هه‌ن نانه ڕه‌قیان به زه‌حمه‌ت ده‌ست ده‌كه‌وێت، جا ئێمه كه ناتوانین به هانایانه‌وه بچین، هیچ نه‌بێ با ئیسراف‌و زێده‌ڕۆیى تێدا نه‌كه‌ین.»
له‌به‌ر ئه‌وه كه‌م جار سێ جۆر خۆراكى ده‌خوارد، نان‌و چاو ماشى پێكه‌وه نه‌ده‌خواردو شاگردانیشى له‌سه‌ر په‌روه‌رده ده‌كرد. میوه‌ى گرانبه‌هاشى نه‌ده‌كڕى‌و دیارى به ده‌گمه‌ن وه‌رده‌گرت.
كاكه ئه‌حمه‌دو كۆمه‌ڵى «اخوان المسلمین»
كاكه ئه‌حمه‌د برایانى زۆر خۆش ده‌ویست، هه‌ركه‌سێك له‌وان سه‌ردانى بكردایه ڕێزى زۆرى بۆ ده‌رده‌بڕین‌و هه‌میشه له‌نێو لایه‌نگرانیدا به قه‌درو ڕێزه‌وه ناوى ده‌بردن‌و به مه‌دره‌سه‌یه‌كى سه‌ركه‌وتووى ده‌زانى له په‌روه‌رده‌كردنداو هانى ده‌دان كه ئه‌وانیش قه‌درو ڕێزیان بزانن.
كاكه ئه‌حمه‌د و سه‌فه‌رى حه‌ج
كاكه ئه‌حمه‌د له حه‌فتاكاندا ئه‌و سه‌رفه‌ره‌ى كردووه‌و چاوى رووناك بووه‌وه به دیدارى كه‌عبه‌ى پیرۆز و شوێنى هاتنه دنیاى «محمد».. بێگومان جارجار له كه‌عبه‌ى پیرۆز راده‌ماو به قوڵایى مێژوودا رووده‌چوو و به‌سه‌رهاتى «ئیبراهیم و ئیسماعیل»ى ده‌هاته‌وه بیر -سه‌لامى خوایان له‌سه‌ربێ- ئه‌سرینى ڕێز‌و خۆشه‌ویستى بۆ ده‌رده‌بڕین.. سه‌فاو مه‌روه‌شى به شه‌وقه‌وه ئه‌نجام ده‌داو نزاى خێرى بۆ هاجه‌ره خاتوون دایكى ئیسماعیل ده‌كردو ده‌چووه ئه‌و جیهانه‌ى كه چۆڵه‌وانییه‌ك بوو ئافره‌تێكى باوه‌ڕدارو منداڵێكى ساوا.. پاشان له مینا(منی)یادى تاقى كردنه‌وه سه‌خته‌كه‌ى ئیبراهیم‌و ئیسماعیل‌و هاجه‌ره خاتوونى ده‌كرده‌وه‌و نه‌فرینى له شه‌یتان ده‌كرد.. جا كه گه‌ڕایه‌وه بۆ مه‌ككه بیرى له رۆژگارى هه‌تیوى‌و بێ نازى محه‌مه‌د ده‌كرده‌وه‌و ورده ورده له خزمه‌تیدا سیره‌تى موباره‌كى ده‌هێنایه‌وه یاد هه‌تا هاتنه خواره‌وه‌ى وه‌حى‌و پێغه‌مبه‌رایه‌تى‌و هه‌ڵوێستى ملهوڕه‌كانى مه‌ككه‌و تائیف‌و ئیسرا‌و میعراج...
پاشان له چوونى بۆ مه‌دینه‌دا بیرى كرده‌وه به چ زه‌حمه‌تێك ئه‌و ئازیزه‌و هاوه‌ڵانى به‌ڕێزى ئه‌و ماوه‌یه‌یان بڕیوه تا ئاینیان سه‌لامه‌ت بێ‌و به سه‌لامه‌تى بیگه‌یه‌نن به نه‌وه‌ى دواى خۆیان.. كاتێ كه گه‌یشته مزگه‌وتى مه‌دینه‌و به به‌ر ئارامگاى سه‌ردارى مرۆڤایه‌تیدا گوزه‌رى كرد ئه‌سرینى له دیده‌ى ده‌بارى‌و نه‌یده‌زانى چۆن ڕێز‌و خۆشه‌ویستى خۆى بۆ ئه‌و زاته‌و ئه‌بوبه‌كرو عومه‌رى یاوه‌رى ده‌رببڕێت..
كاكه ئه‌حمه‌د و رادیۆی سنه
له سه‌ره‌تاى حه‌فتاكاندا كاكه ئه‌حمه‌د دواى قورئانى به‌یانى به‌رنامه‌یه‌كى هه‌بوو له رادیۆى سنه و په‌خش ده‌كرا، كه هه‌موو جارێك بریتى بوو له په‌خشانێكى جوان‌و پڕ مانا كه له ناخى ده‌روونى پڕ له ئیمانیه‌وه هه‌ڵده‌قوڵاو ناخى گوێ بیستى ده‌هه‌ژان‌و نهێنى خۆى‌و بوونه‌وه‌رى وه‌بیر ده‌هێنایه‌وه:
بۆ نموونه ده‌یفه‌رموو:
دیسان وا به‌رى به‌یان روبه‌ندى له‌سه‌ر رومه‌تى هه‌ستى لادا.هه‌ستى سه‌رى خه‌وان، تا جارێكى تریش سه‌رپۆشى تاریكى له دیمه‌نى هه‌بوو لادا و هه‌بوو ره‌نگى ژیان وه‌رگرێته‌وه..
دیسان ته‌لیسمى حه‌یات، ئه‌و ته‌لیسمه، كه نه تیشكى عه‌قڵى ده‌گاتێ، نه باڵى به‌رزه‌فڕه‌ى زانست شه‌پۆلى سیحراوى خۆى كشان له‌سه‌ره گیانله‌به‌ران، له دێ له بێستان، له شار و له ده‌شت و ده‌ران، كه له خه‌وى قورس راچه‌نن بكه‌ونه جموجۆڵ و هاتوچۆ به‌شى خۆ له سفره‌ى راخراوى نیعمه‌تى جۆراوجۆر وه‌رگرن، قافڵه‌ى ژیان تا ئه‌و شوێنه‌ى بۆى دیارى كراوه وه‌پێشخه‌ن.
خودایا، حیكمه‌تى تۆ بوو كه له ره‌حمه‌تى تۆ به گیاندا‌رێك به‌شێكى‌دا، ده‌نا هه‌موو هه‌ر له‌م ئاو‌و خاكه‌ن‌و هه‌ر به‌م ئاو‌و خاكه زیندوون.
خودایا، ئه‌گه‌ر ره‌حمه‌تى تۆ نه‌با، نه ئاو‌و گڵ ده‌سه‌ڵاتى گرتن‌و دانى حه‌یاتى هه‌بوو نه ته‌بیعه‌ت‌و حه‌یات هێزى دروستكردنى ئه‌نواع.
ئه‌ى ئینسان:
تۆش هه‌ر له‌م ئاو‌و گڵه‌یت‌و هه‌ر به‌م حه‌یاته‌وه، تۆ كه به‌شێكى له گیاندارانى خاكى بیر له ده‌سه‌ڵاتى خاوه‌نى هه‌بوو كه‌وه كه تۆى هه‌ر له‌م ته‌بیعه‌ت‌و حه‌یاته دروست كردووه، با وه‌كو نه‌باڵى په‌له‌وه‌رو نه په‌ڕى ماسى پێداوى، دیسان تواناى پێداویى كه له ئه‌سێران به‌رزتر هه‌ڵده‌فڕێت، و له ماسیان توندتر‌و توندتر مه‌له ده‌كه‌یت..
كۆتایى ژیانى ئه‌م شێره پیاوه
له رۆژگارى كۆتایى ته‌مه‌نیدا نه‌خۆشى زۆرى بۆ هێنا گه‌یه‌نرایه یه‌كێك له نه‌خۆشخانه‌كانى تاران، یاران زۆر بۆى به‌په‌رۆش بوون، به‌ڵام ویستى خوا وایه كه ده‌بێ هه‌موومان یه‌كه یه‌كه بگه‌ڕێینه‌وه بۆ لاى، هه‌ر بۆیه له ساتێكى دیاریكراودا گیانى پاكى به‌رزبۆوه بۆ لاى په‌روه‌ردگارى مه‌زن، بۆ لاى پێغه‌مبه‌ران‌و راستگۆیان‌و شه‌هیدان‌و چاكان، كه بێگومان ئه‌وانه چاكترین یارو یاوه‌رن.
پاشان جه‌نازه‌ى پیرۆزى هێنرایه‌وه بۆ شارى سنه‌و ویسترا به دزییه‌وه ئه‌سپه‌رده بكرێت.. به‌ڵام جه‌ماوه‌رى موسڵمانى شارى سنه‌و ده‌وروبه‌رى پێیان زانى‌و خه‌ڵكێكى زۆر كۆبوونه‌وه‌و به ڕێز‌و قه‌درێكى زۆره‌وه به ده‌م ئه‌سرینى سارێژه‌وه له دیده‌ى برایان‌و خۆشه‌ویستانه‌وه له «گۆڕستانى حه‌مه باقر» له‌ناو جه‌رگه‌ى شارى سنه‌دا ئه‌سپارده كرا.
به‌نده دواى 24 ساڵ له دابڕان له دیدارى، سه‌ردانى ئارامگه‌كه‌یم كرد.. ئارامگه‌یه‌كى ساده‌و ساكار ماوه‌یه‌ك دانیشتم له ژوورى سه‌رى یادگاریى‌و بیره‌وه‌رى زۆر هات به یادمدا، ئه‌سرینى ڕێز‌و خۆشه‌ویستیم هه‌ڵوه‌ران بۆ براى گه‌وره‌و بێ نازم بۆ براى خه‌مخۆرو نه‌حه‌ساوه له دنیاى فانیدا..
به ئومێدى ئه‌وه‌ى له سایه‌ى ره‌حمه‌تى خوادا.. به‌نده‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌وو نموونه‌ى ئه‌ودا كۆبینه‌وه ان‌شاء الله، چونكه دڵم خۆشه به‌وه‌ى كه ئێمه له‌سه‌ر خۆشه‌ویستى خوا كۆبووینه‌وه‌و كه جیاش بووینه‌وه هه‌ر سۆز‌و خۆشه‌ویستیمان بۆ یه‌كترى هه‌بوو، فه‌رمووده‌ى «رجلان تحابا فی الله اجتمعا علیه وتفرقا علیه» مژده‌یه بۆ ئێمه مانان.
سا خوایه له براى گه‌وره‌و ئازیزم خۆش ببیت‌و پله به‌رزه‌كانى فیرده‌وسى پێ ببه‌خشیت‌و یارمه‌تى په‌یڕه‌وانیشى بده‌یت بۆ پابه‌ند بوون به ئاینه‌كه‌ت‌و یه‌ك دڵى‌و یه‌ك ریزى بكه‌یته كاڵاى باڵایان.
شایانى باسه كاكه ئه‌حمه‌دى دواى وه‌فاتى هاوسه‌رى به وه‌فاى له حه‌فتاكاندا، ژنى نه‌هێناو هه‌ندێ جار هه‌ڵوێستى جوانى ئه‌وه‌ى باس ده‌كرد له رۆژگارى نه‌هاتنى‌و نه‌هامه‌تیدا،تاقه یادگارییه‌ك كه بۆى مابۆوه كوڕێكى ژیره به ناوى «حه‌مه ژیان».
تێبینییه‌كى گرنگ
ئه‌م چه‌ند دێره له ژیانى كاكه ئه‌حمه‌د له روانگه‌ى دیدو بۆچوونى به‌نده‌وه ره‌نگه ده‌ها هه‌ڵوێستى ئیمانی‌و دڵسۆزى مه‌ردانه‌ى تر‌ى هه‌بێ كه له‌لاى دۆستان‌و لایه‌نگرانى هه‌بێ‌و ئێمه نه‌مانبیستبێ.
له راستیدا ژیاننامه‌ى تێر‌و ته‌واوى ره‌نگه له چه‌ند به‌رگێگدا ئه‌گه‌ر بنوسرێت ئه‌وسا له‌وانه‌یه مافى خۆى بده‌ینێ.
سه‌رچاوه:په‌یامی راستی